۱۴۰۳ فروردین ۱۹, یکشنبه

ماددە هۆشبەرەکان و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە..ماددەهۆشبەرەکان مەترسیدارن بو سەرگەنجانی کورد نووسینی هانا عومەر

 


ماددە هۆشبەرەکان و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە.. نووسینی هانا عومەر
⛔ئامارەکان لە هەرێمی کوردستان؟مەترسیدارن!


👈چی بکرێت بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی؟
ئێستا دیاردەی مادە هۆشبەرەکان لە کوردستان خەریکە هێڵی سوور تێدەپەڕێنێت و لە هەر ناوچە و شارێکی کوردستاندا، چەندین کەسی ئالوودە بە مادە هۆشبەرەکان هەن، ئەمەش سەرەنجام گاریگەریی خراپ لەسەر کۆمەڵگە و خێزان دروست دەکات.
یەکێک لە گرفتەکان ئەوەیە کە لەکاتی بەکارهێنانی ئەو مادانەدا، مرۆڤ لە دۆخی ئاسایی خۆی دەردەچێت و وەک بوونەوەرێکی ترسناک و دڕەندەی لێدێت و دەبێتە کەسێکی شڵەژاو و رەفتار و هەڵسوکەوتی نائاسایی دەبێت و هەندێکجار دەیگەیەنێتە ئەوەی ببێتە کەسێکی بکوژ یان خۆکوژ.
ساڵانە لە جیهاندا ملیۆنان کەس ئالودەی مادە هۆشبەرەکان دەبن و لە بەشێک لە وڵاتاندا لە حاڵەت دەرچووە و بووە بە دیاردە کە ئەرک و توانا و خەرجییەکی زۆری پێویستە بۆ چارەسەرکردن.
لە هەرێمی کوردستان دا سەرباری توند و تۆڵکردنی لایەنی ئەمنی و یاسایی لەم رووەوە، بەڵام لەم 10 ساڵەی رابردوودا بەهۆی قەیرانی دارایی و کەمیی کار و زیادبوونی رێژەی گەنجانی بێکار ، ئاست و رێژەی بازرگانی و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان تا رادەیەک بەرەو هەڵکشان چووە و بەردەوامیش پێبەپێی رێوشوێنە ئەمنی و یاساییەکان هێشتا روو لە هەڵکشانە.
هەر بەم دواییانە مادەکانی تریاک و کریستاڵ و حەشیش و حەبی ترامادۆڵ و دەیان حەبی جۆراوجۆری دیکە، لەو مادانەن کە بەزۆری لە خاڵە سنوورییەکان و بازگەکانەوە بەرەو ناوەوەی هەرێم دەهێنرێن و بازرگانییان پێوە دەکرێت.
ئێستا لە کافتریا و چایخانە و شوێنە گشتی و تایبەتییەکان و زیندانەکاندا بە نهێنی و دوور لەچاوی خەڵک و دەزگاکانی روبەڕوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان بەکاردەهێرێن.
ئامارەکە زەنگێکی مەترسیدارە
بەگوێرەی ئامار و داتاکانیش بەکارهێنان و ئالودەبوون بە مادە هۆشبەرەکان لە هەرێمدا زەنگێکی مەترسیدارە و کێشەیەکی گەورەیە کە ئەگەری هەیە داهاتووی گەنجانی ئەم هەرێمە بخاتە ژێر مەترسییەکی گەورەوە. دووریش نییە ئەمەش پیلان و بەرنامەی داڕێژراوی دوژمنان و نەیارانی گەلی کوردستانی لەپشتەوە بێت و بە دیوێکی دیکەشدا کێشە و قەیرانەکان و بێکاریی لەناو گەنجاندا دەرفەتێک بن بۆ هەرچی زیاتر بڵاوکردنەوە و تەشەنەسەندنی ئەم دیاردە نەخوازراوە لە نێو کۆمەڵگەکەماندا.
بە پێی راپۆرت و ئامارە نهێنییەکان، ژمارەی بەکاهێنەران و ئالودەبووانی مادە هۆشبەرەکان لە هەڵکشاندایە، ئەمەش هەڵوێستەیەکی جدی دەوێ لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمەوە بۆ بەگژداچوونەوە و بنەبڕکردنی ئەم حاڵەتانە کە هەڕەشەی گەورە دروست دەکات لەسەر داهاتووی گەنجان و رۆڵەکانمان و پێویستە بایەخێکی تەواوی پێبدرێت لە رووی مادی و مەعنەوییەوە، دەنا ئەگەر لە سنووری خۆی تێپەڕێت، چارەسەرکردنی زۆر قورس دەبێت و کارێکی ئاسان نابێت.
٭چی بکرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی؟
ئەگەرچی کۆنترۆڵکردن و بنەبڕکردنی ئەو دیاردەیە بە تەنها ئەرکی یەک دامەزراوەی تایبەتی دەوڵەت یاخود کۆمەڵگە نییە، بەڵام گرنگە بزانرێت چۆن و چی بکرێت بۆ کۆنترۆڵکردن و کەمکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان کە بەگشتی بریتییە لە:
1- هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە سەبارەت بە مەترسی و زیانەکانی مادە هۆشبەرەکان، لەبەرئەوەی مادە هۆشبەرەکان خێزان پەرتەوازە دەکات و کێشەی کۆمەڵایەتیان لێدەکەوێتەوە.
2- توندوتۆڵکردنی سنوورەکان و رێگریکردن لە هەناردە و هاوردەکردنی مادە هۆشبەرەکان.
3- سزای قورسی ئەو بازرگانانە بدرێت تا ببن بە پەند بۆ کۆمەڵگە، چونکە ئەوانە هۆکاری سەرەکین بۆ بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردن پێیانەوە.
4- رەخساندنی هەلیکار بۆ گەنجان، کە بەداخەوە بێکاریەکی زۆر بەرۆکی گەنجەکانمانی گرتووە.
5- چارەسەرکردنی کەسی تووشبوو یان ئالوودەبوو بە مادە هۆشبەرەکان بە مەبەستی رێگریکردن لە گیرۆدە بوون ی زیاتریان.
6- کردنەوەی فەرمانگەی تایبەت (فەرمانگەی تەندروستی) بۆ چارەسەرکردنی کەسانی ئالوودە و تووشبوو.
هانا عومەر

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر