۱۴۰۲ خرداد ۴, پنجشنبه

کۆیستین جۆنسی چالاکەوان ئەڵێت، دەستدرێژی سێکسی هەرگیز هەڵەی قوربانییەکە نییە.

 



کۆیستین جۆنسی چالاکەوان ئەڵێت، دەستدرێژی سێکسی هەرگیز هەڵەی قوربانییەکە نییە. لەم وتارە بوێرانەیەیدا، چیرۆکەکەی خۆی ئەگێڕێتەوە دەربارەی زاڵبوون بەسەر شوورەییەکەی دوای دەستدرێژیکردنە سێکسییەکەی بە هەرزەکاری کراوەتە سەری -- و باسی ئەوە ئەکات چۆن دایک و باوک ئەتوانن گفتوگۆیەکی کراوە بهێڵنەوە دەربارەی دەستدرێژی بۆ هێزدان بە منداڵەکانیان و هاندانیان بۆ داواکردنی یارمەتی. (ئەم وتارە بۆ کەسانی پێگەشتووە









چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، لەگەڵ دایکما دانیشتم و شتێکم پێوت کە ماوەی ٢٢ ساڵ بوو شاردبوومەوە لێی. لەوکاتەوەی کە ١٤ ساڵ بووم هەتا ١٦ ساڵی، دەستدرێژی سێکسیم ئەکرایە سەر. ترسێنەر و سەرلێشێوێنەر بوو.
 ١٦ ساڵی، دەستدرێژی سێکسیم ئەکرایە سەر. ترسێنەر و سەرلێشێوێنەر بوو. شەرمەزارکەر بوو. و هەرچەندە ڕاستگۆیانە ئەتوانم بڵێم کە من و دایکم هەموو کاتێک پەیوەندییەکی نزیکمان هەبووە، هەرگیز پێمنەوتبوو. تەنانەت بەم جموجۆڵانەی ئەم دواییانەش کە تەوەرەکانی دەستدرێژی سێکسی و هێرشی سێکسی هێنایە پێش بۆناو گفتوگۆ باوەکان، بە بێدەنگی مامەوە. و گرنتی ئەکەم بۆ هەموو رۆحێکی ئازا کە وتوێتی "منیش،" چەندینی تر هەبووە کە نەیوتووە... کە هێشتا نەیانوتووە. بۆچی ئەو کەسانە زووتر قسەیان نەکردووە؟ بۆچی من قسەم نەکردووە؟ بەهۆی شەرمکردنەوە. بەهۆی ئەو هەستەی ناخمەوە پێی ئەوتم ئەوەی بەسەرم هاتووە هەڵەی خۆم بووە. هەموو هەندێک جار گوێمان لەو دەنگە ئەبێت. هەندێک شتمان پێئەڵێت وەک، تۆ وەک پێویست باش نیت، وەک پێویست زیرەک نیت ... ناتوانیت وتاری تێد پێشکەشکەیت. گوێمان لەو دەنگە ئەبێت، و قورس ئەبێت گوێمان لە هەر شتێکی تر بێت. دەست ئەکەین بە ئازارچەشتن بەدەست ئەو تێڕوانینەی خەڵکی تر بۆمان -- چۆن بڕیارمان لەسەر ئەیەن ئەگەر تاریکترین نهێنییەکانمان بزانن. شەرمکردن ئەکرێت ئەوەنە بەهێزبێت ببێت بە بەشێک لەوەی کێین. بە دایکمم وت چیم بەسەرهاتووە و یەکەم شت کە پێی وتم، "ئاه کریستین، ئەمویست بزانم ئەم چەند ساڵە چییە ئەوەنە ڕەقی کردوویت." پێش من توانیبووی ئەوە ببینێت. شوورەییکردنەکەم ئەوەنە قوڵ ڕەگی داکوتابوو ئەمویست قەرەبووی خۆم بکەمەوە بەوەی هەوڵبەم زۆر باشبم لە هەموو لایەنەکانی تری ژیان. هەوڵم ئەیا خێزانی نموونەیی دروستکەم، لە کارەکەمدا سەرکەوتوو بم، هەوڵبەم جڵەو بسەپێنم لەجیاتی ئەو شێواوییەی لە ناخما هەستم پێئەکرد. بەدرێژایی ژیانم هەوڵم ئەیا تێڕوانینی جیهان لەسەرم ڕێککەم، چونکە لە ناخەوە هیچ هەستم بە باشی نەئەکرد. هەموو جارێک ئەیوت هەردوو سەری مۆمەکە ئەسوتێنم، و ئێستا ئەیزانی بۆچی. هەندێک کەس لەوانەیە زیاتر بکەونە بەر مەترسی شوورەیی کردن، بەڵام دەستدرێژی سێکسی جیاکاری ناکات. توانای ئەوەی هەیە وا لە بەهێزترین لە ئێمە بکات بیرکردنەوەی خراپ و ئازاربەخشمان بۆ بێت. بۆچی؟ چونکە کۆنترۆڵت لەدەست ئەیات بەسەر ئەو شتەمان لە ژیانماندا کە ئەبێت بەڕاستی و بە تەواوەتی هی خۆمان بێت لەم ژیانەمانا: لەشمان. لە دەستپێکردنی ئەزموونەکەمەوە تەنیا یەک بیرکردنەوە بەشوێنمەوە بوو. ئەوکاتەی ئەمویست تێبگەم لەوەی بەسەرم هات، بۆخۆم بیرم ئەکردەوە: ئەمە هەمووی هەڵەی منە. ئەوەنە بە باشی نەموت "نەخێر". جاری داهاتوو، باشتر ئەڵێم "نەخێر". لەخۆمم ئەپرسی بۆچی ئەوە وەڵامەکە بوو کە ئەچوومە سەری و بۆچی شوورەییکردنەکەم ئەوەنە قوڵ و قورس بوو کە بۆ ماوەیەکی زۆر ڕێگەی لێئەگرتم لە وتنی ڕاستییەکان. و ئێستا کە دایکی دوو منداڵی زۆر باشم، بەردەوام بیر ئەکەمەوە چیم پێئەکرێت و هەموو پێکەوە چیمان پێ ئەکرێت بۆ تێپەڕین لە شوورەییکردن و لەجیاتی ئەوە هێز بەین بە مناڵەکانمان هەتا بێ گومان بن لەوەی کە دەستدرێژی سێکسی هەڵەی ئەوان نییە. دکتۆر برینێ براون، کە توێژینەوەی باشی کردووە لەسەر هەستکردن بە شوورەیی و لاوازی، بە هەستکردن بە شوورەیی ئەڵێت بەهێزترین هەست. و منیش زۆر هاوڕام لەگەڵی. شوورەییکردن هێزی ئەوەی هەیە وا لە مناڵەکان بکات کە دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر یان بەشێوەیەکی تر لەلایەن گەورەکانی ترەوە تووشی خوورپەی دەروونی بوون لە خۆیان هەڵگەڕێنەوە و هەست بە ئازارێکی ناوەکی قورس بکەن. بەڵام بیر لەوە بکەرەوە. ئەوە زۆر ناڕەوا نییە؟ وەک کۆمەڵگایەک شکستمان نەهێناوە لەکاتێکا ئەنجامی کۆتایی منداڵێکە هەست بە شوورەیی ئەکات؟ نابێت ئەو تاوانبارەکە بێت؟ نابێت ئەوان شەرم بکەن لەوەی کە کردووییانە؟ لەجیاتی ئەوە، شەرمکردنی منداڵەکان ئەکەنە ئامانج و وایان لێئەکەن وا بیربکەنەوە کە ئەوەی ڕووی یاوە هەڵەی خۆیانە. ئەو کەسەی هەڵەی بەرامبەر کردووم شەرمکردنیشی لە ناخدا چاندووم و منیش خۆم یاوە بەدەستەوە بۆی، بووم بە گرێیەکی بێدەنگی ئەشکەنجەدراو بۆ ماوەی چەندین ساڵ. بەڵام ئایا ئەو شەرمکردنەش هەڵەی خۆمە؟ نەک وەک قوربانییەک بەڵکو وەک دایکێک، کە وەک زۆرێکی ترمان، بێ بیرکردنەوە هەندێک شتی بە منداڵەکانی خۆی وتووە وەک "مەهێڵە کەس دەستت بۆ بەرێت؛ مەهێڵە کەس ئازارت بات؛ خۆت مەخەرە بارودۆخێکەوە کە لەوانەیە تۆ ببیت بە قوربانییەک." وەک دایک و باوک، وا بیر ئەکەینەوە هێز بەین بە منداڵەکانمان بۆ ئەوەی خاوەندارێتی لەشیان بکەن، بەڵام کاتێک ئەڵێین "مەهێڵە کەس دەستت بۆ بەرێت،" ئەوەی بەڕاستی ئەیڵێین ئەوەیە "تۆ بەرپرسیاریت لە کردەوەی کەسێکی تر." وا مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە ئەکەین وەک ئەوەی لەژێر کۆنترۆڵی منداڵەکەیا بێت، کە ئەوەش لەگەڵ ڕاستییا یەکناگرێتەوە، و بەشێوەی خۆی هەستکردنێک بە بەرپرسیارێتی هەڵە درووست ئەکات لە مێشکی منداڵێکا. گێڕانەوەیەکی ناوەکییە کە پێیان ئەڵێت کاری خۆیانە ڕێگە بگرن لە ڕوودانی شتە خراپەکان، کە ئەوان وەک منداڵ بەرپرسیارن لە وەستاندنی کردەوەکانی کەسێک کە زۆربەی جارەکان گەورەترە، بەهێزترە، و تەمەنیشی زیاترە لە خۆیان. گوێم لە نامەیەک بوو کە ئەبوو من ڕێگەم بگرتایە لەوەی بەسەرم یەت و ئەوەش وایلێکردم خۆم خەتابار بکەم. ئینجا یەک بیرۆکە هاتە مێشکمەوە و باوەڕم پێکرد کە من کارێکی هەڵەم کردووە. بەردەوام بیرم ئەکردەوە کە ئایا من بێ مەبەست تەڵە بۆ مناڵەکانم ئەنێمەوە. هەڵە نیم لەوەیا کە ئەمەوێت مناڵەکانم سەلامەت بن، بەڵام لەوانەیە هەڵە بم کە بێ مەبەست بەردەوام هەمان جۆر شتیان پێئەڵێمەوە کە بە منداڵی باوەڕم پێی بووە -- کە ئەتوانم ڕێگری بکەم لەوەی کەسێک بەکارم بێنێت بە وتنی "نەخێر"، و ئینجا دواتر، ئەگەر "نەخێر"ەکەم سەرنەگرێت، ئەوا هەڵەی خۆمە. وەک ڕزگاربووێک، ئەمەوێ ئێستا ئەوەیان پێبڵێم کە ئەوکاتە زۆر تامەزرۆ بووم بیبیستم: کە هیچ شتێک نییە بتوانی بیکەیت ڕێگە بگریت لەوەی کە بەکاربهێنرێیت لەلایەن کەسێکی ترەوە کە ئەبوو لەوە باشتر بزانێت. بەڵام لە هەمان کاتیشدا، ئەمەوێ باوەڕ بەوەش بکەن کە هێزی ئەوەیان هەیە کەسێک بووەستێنن کە ئەیەوێت سوودیان لێ ببینێت. ئەمەوێ هەست بە خاوەندارێتی لەشی خۆیان بکەن. ئەمەوێ بە منداڵەکانم بڵێم کە ئەتوانم بیانپارێزم، و ئەشمەوێ باوەڕ بەوە بکەم. بەڵام نێژراو لە ژێر هەموو ئەو مەرامە باشانەیا و لەژێر ئەو غەریزە دایکانانە هەمان ئەو شوورەییکردنە هەیە. ئەگەر بە منداڵەکانم بڵێم کە شتێک هەیە ئەتوانن بیکەن بۆ ڕێگەگرتن لە دەستدرێژی سێکسی، واتای ئەوە نییە کە شتێک هەیە منیش ئەمتوانی بیکەم؟ منداڵەکانمان فێر ئەکەین بڵێن "نەخێر". منیش هەموو جارێک ئەموت "نەخێر". ئینجا زوو فێری ئەوە بووم کە "نەخێر" هەمووجارێک سەرناگرێت. ئەوە واتای ئەوە نییە کە وتنی "نەخێر" بیرۆکەیەکی خراپە، تەنیا ئەوەیە کە چارەسەر نییە. ئەمە بیرۆکەیەکی ترسێنەرە باسکرێت، بەڵام ڕاستییەکە کە ئەبێ ڕووبەڕووی ببینەوە و ڕاستگۆ بین لەبارەیەوە لەگەڵ منداڵەکانمان. هەتا زیاتر بموتایە "نەخێر،" زیاتر ئەوەم درێژ ئەکردەوە کە ڕێگری لێنەئەکرا. گەشتە ئەو خاڵەی هەستم ئەکرد کە ئەگەر خۆم بەم بەدەستەوە و کۆتایی پێبێنم، هیچ نەبێت هەندێک ئاشتیم ئەبێت هەتا ئەوکاتەی جارێکی تر ڕووئەیاتەوە ئەوە وایلێکردم هەست بە شکست بکەم. هەستم ئەکرد هەموو ئەو هەستکردن بە هێزەی کە هەمبوو بەسەر دۆخەکەیا نەمان، و هەر خەیاڵێکی گەورەش بۆ چاککردنی ئەوەی کە ڕوویداوە تەنیا ئەو هەستکردن بە تاوان و شوورەییکردنەی ئاڵۆزترکرد کە هەستم پێکرد کە وەک پێویست بەهێز نەبووم بۆ وەستاندنی ئەو دەستدرێژییە بۆ سەرم. ئێستا هەستم بە تاوان ئەکرد بۆ ئەوەی لاواز بووم. هەستم بە تاوان ئەکرد بۆ ئەوەی ئەترسام. ئەبوو بەهێزتر بم. ئەبوو باشتر بڵێم "نەخێر". "نەخێر"ەکەم وەک پێویست نەبوو. ئێستا لەجیاتی ئەوە، هەوڵ ئەیەم بە منداڵەکانم بڵێم کە ئەگەر شتێکی خراپیان بەسەر بێت، لەبەر ئەوە نییە کە ڕێگەیان لێگرتووە یان بەتەنیا بەسەر شانی ئەوانەوە بێت کە بڵێن "نەخێر." هەرچەندە هەست ئەکەیت، دەستدرێژی سێکسی تەنیا لە بەتاڵیدا ڕوونایات. هەموو ڕۆژێک ڕێگەی پێئەدرێت بەوەی چۆن کۆمەڵگاکەمان بە هەڵە نیشانی ئەیات و ئەمانگونجێنێت بۆ بیرکردنەوە لە دەستدرێژی سێکسی: ستانداردەکانی بۆ ڕەگەز دائەنرێت و ڕق لێبوونەوە بە سیستمکراوەکە لە ژنان، کردن بە قوربانی قوربانییەکان و زۆر شتی تریش. ئەوە تەنیا کێشەیەکی کەسی نییە، لەکاتێکدا هەندێک توێژینەوە نیشانی ئەیات کە هێندەی یەک لە چوار کچ و یەک لە ١٣ کوڕ دووچاری دەستدرێژی سێکسی ئەبنەوە لە خاڵێکی تەمەنی منداڵیاندا. ئەوەش واتای ئەوەیە کە بەتەنیا لەسەر کەسەکان نییە چارەسەریکەن. بۆیە بێگومان لەکاتێکدا منداڵەکانم فێری هێز و بەرگەگرتن ئەکەم فێری خۆڕاگرتن و زاڵبوون بەسەر بەربەستەکان ئەکەم، دڵنیا ئەبم لەوەی بزانن هێز واتای ئەوە نییە بەتەنیا ڕووبەڕووی ململانێکان یان هەستی ناخۆش ببنەوە. ڕاستییەکەی، هێز لە ژمارەدایە و هێز لە داواکردنی یارمەتیدایە. شەرمم ئەکردەوە لەوەی قسەکەم لە ترسی ئەوەی لاواز دەرکەوم، بەڵام فێری ئەوە بووم قسەکردن دەربارەی ئەوەی بەسەرمهاتووە تەنها بەهێزتری کردووم. وایکرد هەستکردن بە شەرمەکەم وردە وردە کەمبێتەوە. منداڵەکانم فێری بوێری ئەکەم، و ئەمەوێ کە بزانن کە کەسە بەهێز و چاونەترسەکان داوای یارمەتی ئەکەن. بیرمە ئەوکاتەی منداڵ بووم، دایکم و باوکم لەگەڵم ئەهاتن بۆ شوێنی وەستانی پاس. ئەیانوت بۆ ئەوەیە بە سەلامەتی بمهێڵنەوە، و باوەڕم بەوە ئەکرد. بیرمە هەموو جارێک ئەگەڕام بۆ ئەو ڤانە سپیەی ئاگادار کرابوومەوە لێی. بەڵام وەک زیاتر لەو لەسەدا ٩٠ منداڵانەی کە دەستدرێژیان ئەکرێتە سەر، نەبرامە سووچی شەقامێک یان لە بازاڕێکدا بڕفێنرێم. لەلایەن کەسێکەوە کە ئەمناسی دەستدرێژی کرایە سەرم. دایک و باوکم هەموو شتێکیان کرد بۆ ئەوەی بمپارێزن، بەڵام ئەوەی کەسمان درکمان پێنەکرد ئەو بناغەی شوورەییکردنە بوو کە درووست ئەبوو لە ناخمانا کاتێک باسی "مەترسی بێگانە"مان ئەکرد و باسی وتنی "نەخێر" و نەبوون بە قوربانیمان ئەکرد. بێگومان ئەمە بە مەبەست نەبوو. ئەوەیان کرد کە هەموومان وەک دایک یان باوک ئەمانەوێت... بیهێنەرە بەرچاوت شتێک هەیە ئەتوانین بیکەین بۆ پاراستنی منداڵەکانمان لە شتی خراپ، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە ناتوانین. ناشتوانین کێشەی دەستدرێژی سێکسی چارەسەر بکەین بە ئاڕاستەکردنی هەموو خەتاکە بۆ سەر قوربانییەکان یان ئەوانەی ئەکرێت ببنە قوربانی یان تەنانەت کەسە خۆشەویستەکانیشمان. خەتاکە، لەسەدا سەد، هی تاوانبارەکانە. نیشاندانی ئەوەی کە لە شوێنێکی ترە نەک تەنیا ڕێگە بە تاوانبارەکان ئەیات لە بەرپرسیارێتی تەواوەتی بکشێنەوە بەڵکو شەرمەزاری زیاتر ئەهێڵێتەوە بۆ قوربانییەکان. منیش بۆ نموونە بێزاربووم لەوەی هەست بە شوورەیی بکەم. ڕاستگۆ ئەبم لەگەڵتان. بەلایەنی کەمەوە ١٠ بڕگەی کۆتاییم نوسیوە بۆ ئەم وتارەم، بەڵام هەستم نەکرد هیچ کامێکیان ڕاست بن، و پێشموابێت لەبەر ئەوەیە کە ئەمە هیچ کۆتاییەکی نییە. هیچ ڕێگایەک نییە بۆ تەواوکردنی ئەم بابەتە لە سنوقێکا، لە گرێیەکی بێ کەم و کوڕییا بیبەستیتەوە، بیخەیتە لاوە و پێی بڵێیت تەواو. ئەمە پێویستی بە بەردەوامییە، گفتوگۆی کراوە و هەندێک جاریش ناخۆش. ئێستاش چەندێک ئەمەوێ منداڵەکانم بپارێزم، درکم بەوە کردووە کە ناتوانم لەدەست توندوتیژی سێکسی بیانپارێزم زیاتر لەوەی دایک و باوکم کردوویانە بۆ پاراستنی من. بەڵام ئەوەی ئەتوانم بیانپارێزم لێی هەستکردنە بە شەرم. خوانەخواستە ئەگەر منداڵەکانم بەوەیا ڕۆشتن کە من پیایا ڕۆشتم. من ئەمەوێت ئەوە بزانن کە دەستدرێژی سێکسی هیچ کاتێک و هەرگیز نەبووە و نابێت بە هەڵەی ئەوان. زۆر سوپاس.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر