ئەلیسۆن گۆپنیک دەڵێت: منداڵان وەکو یەکەی توێژینەوە و پەرەپێدان وان لە رەگەزی مرۆڤدا.
تۆ بڵێی لە مێشکی ئەم ساوایەدا چی ڕووبدات؟ ئەگەر ٣٠ ساڵ لەمەوبەر پرسیارێکی ئاوامان لە خەڵک بکردایە، زۆرینەی خەڵک، پسپۆڕەکان لە بواری سایکۆلۆجییدا، دەیان گووت ئەم منداڵە بێ ئەقڵە" نامەنتقییە و خۆپەرستە -- و گوێ بە بۆچونی خەڵکانی تر نادات و لە هۆکار و دەرئەنجام تێناگات. لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، گەشەسەندنی زانست بەتەواوی ئەم وێنەیەیان گۆڕی. کەواتە دەتوانین بڵێین، چۆنیەتی بیر کردنەوەی ئەم منداڵە هەروەک بیرکردنەوەی زۆربەی زانا بلیمەتەکان وایە. با تەنها یەک نموونەتان پێ بڵێم. شتێک کە ئەم منداڵە بیری لێ دەکاتەوە، یاخود لە مێشکیدا دەگوزەرێت، دەیەوێت بزانێت لە مێشکی منداڵانی تردا چی ڕوودەدات. خۆشمان دەزانین کە قورسترین شت بۆ ئێمە ئەوەیە کە بزانین خەڵکی تر، هەست بە چی دەکەن و بیر لە چی دەکەنەوە. لەوانەیە قورسترین شتیش ئەوەیە کە بزانین بیر و هەستی خەڵکانی تر تەواو وەک بیر کردنەوە و هه ستي ئيَمه نيه. هەرکەسێک دوای سیاسەت کەوتبێت شایەتی دەدات کە تێگەشتن لەمە بۆ هەندێک کەس چەند سەختە. ئێمە دەمانویست بزانین تۆ بڵێی ساوا و منداڵانی بچووک بتوانن لەم شتە دروستەی خەڵکانی تر تێ بگەن. پرسیارەکە ئەوەیە: چۆن لێیان بپرسین؟ ساواکان ناتوانن قسە بکەن، و ئەگەر لە منداڵێکی ٣ ساڵان بپرسیت پێی بڵێیت کە بیر لە چی دەکاتەوە، زنجیرەیەک هەستی جوانی یەک لایەنەت گوێ لێ دەبێت لە بارەی ئەسپی بچوک و ئاهەنگی لە دایک بوون و شتی لەو جۆرە. کەواتە، چۆن ئەو پرسیارە یان لێ بکەین؟ دەرکەوت کە نهێنییەکە بڕۆکلییە. ئێمە، من و پێتی ڕاپاچۆلی، کە خوێندکارم بوو -- چووین دوو قاپ خواردنمان بۆ منداڵەکان دانا: قاپێکیان بڕۆکلی کاڵی تیادا بوو قاپەکەی تریش پسکیتی شێوە ماسی تیادا بوو. هەموو منداڵەکان، تەنانەت له بيَركليش، حەزیان لە پسکیتەکە بوو نەک بڕۆکلییەکە. (پێکەنین) بەڵام دواتر بێتی تامی خواردنی ناو هەردوو قاپەکەی کرد. وا خۆی نیشاندەدا کە حەزی لە خواردنەکەیە یان حەزی لێ نییە. بۆیە نیوەی کاتەکە، وا خۆی نیشان دەدا کە حەزی لە پسکیتەکەیە و حەز لە بڕۆکلییەکە ناکات -- هەر وەک ساواکان یان هەر کەسێکی تری ئاقڵ. بەڵام نیوەی کاتەکەش، ئەچوو تۆزێ لە بڕۆکلی یەکەی ئەخوارد ئەیووت "ئممممم، بڕۆکلی. من تامی بڕۆکلیم کرد مممم." دواتریش تۆزێکی لە پسکیتەکەش ئەخوارد، و دەیووت، "ئۆو یەع پسکیت. تامی پسکیتم کرد، یەع." دواتر وا خۆی دەردەخست کە حەزی ئەو تەواو پێچەوانەی حەزی منداڵەکانە. ئێمە ئەم تاقیکردنەوەیەمان لەسەر منداڵانی ١٥-١٨ مانگ کرد. دواتر دەستی دەرهێنا و وتی، "ئەتوانی تۆزێکم بەش بدەیت؟" پرسیارەکە ئەوەیە منداڵەکان کامەیانی بەش ئەدەن، ئەوەی خۆیان حەزیان لێیە یان ئەوەی بێتی حەزی لێیە؟ ئەوەی کە جێی ئاماژەیە، منداڵە ١٨ مانگەکان بە دەگمەن، هەڵدەستان و قسەیان دەکرد، پسکیتیان دەدایە ئەگەر حەزی لە پسکیتەکە بووایە، و بڕۆکلییان دەدایە، ئەگەر حەزی لە بڕۆکلی بوایە. لە لایەکی تریشەوە، منداڵە ١٥ مانگەکان بۆ ماوەیەکی درێژ وا سەرنجییان لە بێتی دەدا کە بۆچی حەزی لە بڕۆکلییە، وەک لەوەی کە لێی تێ نەگەن. بەڵام دوای ئەم هەموو سەرنج دانە، پسکیتەکانیان دایە، چونکە وایان دەزانی هەموو کەس حەزی لە پسکیتە. لێرەدا ئەوەی جێگەی سەرنج بێت دوو شتە. یەکەمیان ئەوەیە: منداڵە ١٨ مانگەکان زوو تێگەیشتن لە سروشتی ڕاستەقینەی مرۆڤەکان، کە ئێمە هەموو کاتێک ئارەزووەکانمان چونیەک نین. لە هەمان کاتیشدا، وا هەستدەکەن دەبێت یارمەتی کەسانی تر بدەن تا ئەو شتانەی دەیانەوێت بەدەستی بهێنن. ئەوەی جێی ئاماژەیە، ئەو ڕاستییەیە کە منداڵە ١٥ مانگەکان ئەمەیان نەدەکرد ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە منداڵە ١٨ مانگەکان ڕاستی کاریگەری ژیانی مرۆڤەکان تێگەشتون تەنها بەماوەی ٣ مانگ دوای تەمەنی ١٥ مانگیان. کەواتە منداڵان زۆر لەوە زیاتر دەزانن و فێر دەبن کە ئێمە هەستی پێ دەکەین. ئەمە تەنها یەکێکە لە سەدان و سەدان لێکۆڵینەوەکەی ئەم ٢٠ ساڵەی ڕابردوو کە ئه مەى نیشاني داوە. لەوانەیە ئێوە بپرسن: بۆچی منداڵ هێندە زۆر فێردەبێت؟ و چۆن دەگونجێت کە هێندە زۆر شت فێر بن لەماوەیەکی هێندە کورتدا؟ ئەگەر تەماشای ڕوکەشی منداڵان بکەین، زۆر بێ سود دیارن. لەڕاستیدا لە بێ سوديش خراپتر دیارن، چونکە دەبێت ووزە و کاتێکی زۆر سەرف بکەین تا بتوانین بە زیندوویی بیانهێڵینەوە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پەرەسەندن تاکو وەڵامێک بۆ ئەم مەتەڵە بدۆزینەوە کە دەڵێت بۆچی هێندە کات لە چاودێری کردنی ئەم منداڵە بێ سودانه دا سەرف دەکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە وەڵامێک هەیە. ئەگەر تەماشای جۆرە جیاوازەکانی ئاژەڵان بکەین، مەبەستم تەنها ئاژەڵە سەرەکییەکان نیە، بەڵکو بەڵندەکان و گیاندەوەرە شیردەرەکانیش، شیردەرەکانیش وەکو کەنغەر و ئاژەڵی هۆمباتی، بۆمان دەردەکەوێت کە پەیوەندییەک هەیە لە نێوان ماوەی درێژی منداڵی و و گەورەیى مێشکیان بە بەراورد بە جەستەیان و چەند زیرەک و وریان. ئەو باڵندانەی بۆ مەبەستی گەیاندنی نامەش بەکار هاتوون بەزۆری ئەمانەی سەرەوە بوون. لەلایەکەوە بریتییە لە قەلەڕەشی کالدۆنی. قەلەڕەش و قەلە باچکە و جۆرەکانی تریان، باڵندە گەلێکی زۆر زیرەکن. لە چەند لایەکەوە هێندەی مەیمونی شامپازی زیرەکن. ئەمەش باڵندەیەکە لەسەر بەرگی زانست کە فێر بووە بە بەکارهێنانی کەرەستەیەک خواردن بدۆزێتەوە. لە لایەکی تریشەوە، هاوڕێمان مریشکی ماڵییان هەیە. مریشک و مراوی و قاز و قەل لە بنەڕەتەوە گێژ و بێ ئەقڵن. تەنها لە کۆکردنەوەی گەنمدا زیرەکن، و لە هیچی تردا زیرەک نین و هیچ نازانن. کەواتە بۆمان دەردەکەوێت کە منداڵان، و بەچکەی قەلەڕەشی کاڵدۆنی، بەچکەن. پشت بە دایکیان دەبەستن تاکو کرمی بچوک بخەنە ناو دەمە کراوە بجوکەکانیانەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ، کە ماوەیەکی درێژە لە ژیانی باڵندەیەکدا. لە کاتێکدا مریشک بە چەند مانگێکی کەم گەورە دەبن. کەواتە منداڵی ئەو هۆکارەیە کە قەلە ڕەشەکان لە زانستدا باس دەکرێن و مریشکەکانیش دەخرێنە ناو مەنجەڵی سوپەوە. شتێک هەیە دەبارەی ئەم منداڵییە دوور و درێژە کە وا دەردەکەوێت پەیوەست بێت بە زانین و فێر بونەوە. ئەی دەبێت چ جۆرە ڕوون کردنەوەیەکمان هەبێت بۆ ئەمە؟ لە ڕاستیدا چەند گیانلەبەرێک، وەک مریشک، وا دەردەکەوێت کە بە باشی بگونجێن تەنها بۆ ئەنجام دانی یەک شت. کەواتە بە باشی گونجاون بۆ کۆکردنەوەی گەنم لە ناوچەیەکدا. گیانلەبەرەکانی تریش وەک قەلەڕەش، باش نین لە ئەنجامدانی شتی تایبەتدا، بەڵام لە ڕادەبەدەر باشن لە فێر بوونی یاسای ژینگە جیاوازەکاندا. بێگومان ئێمەش وەک مرۆڤ تا ڕادەیەک پێویستە وەک قەلەڕەش پۆلێن بکرێين. مێشکی ئێمە گەورەترە بە بەراورد بە جەستەمان و بە بەراورد بە گیاندەوەرەکانی تر. ئێمە زیرەکترین، وریاترین، زیاتر فێر دەبین، لە ژینگەی جیاوازدا دەژین، کۆچ دەکەین تاوەکو جیهان پڕبکەینەوە تەنانەت دەچین بۆ بۆشای ئاسمان. منداڵەکانمان پشت بە ئێمە دەبەستن زیاتر لە منداڵانی ساوای زیندەوەرەکانی تر. کوڕەکەم تەمەنی ٢٣ ساڵە. (پێکەنین) لانی کەم تاوەکو دەبنە ٢٣ ساڵ، هێشتا ئێمە دەبێت کرمە بچوکەکان بخەینە ناو دەمە بچوکە کراوەکانیانەوە. باشە کەواتە بۆچی ئەم پەیوەندییە دەبینین؟ لە ڕاستیدا بیرۆکەیەکیان بریتییە لە ستراتیژی، ستراتیژی فێربوون، ستراتیژییەکی زۆر بەهێز، بۆ هاتنە ناو جیهان، بەڵام زیانێکی گەورەشى هەیە. ئەو زیانە گەورەیەش بریتییە لەوەی هەتاوەکو، هەموو ئەو پڕۆسەی فێربونانە جێبەجی نەکەین، بێ دەسەڵات دەبین. پێویست ناکات سەیری ماستادۆناکە بکەیت هێرش بکاتە سەرت و تۆ لە خۆت دەپرسیت، "ڕەنگە بە هۆی ڕمێکەوە یان چەکێکی ترەوە بتوانم بیپێکم؟" ئەتەوێت هەموو ئەوە بزانیت پێش ئەوەی ماستادۆنەکە هێرش بکاتە سەرت. ئەو ڕێگەیەی کە یاسای گەشەسەندن دۆزیویەتەوە بۆ چارەسەر کردنی کێشەکە بریتییە لە دابەش کردنی هەوڵدانەکان. بیرۆکەکە ئەوەیە ئەو ماوەیەی کە پارێزراوین زۆر کورتە. پێویست ناکات هیچ بکەین، هەموو ئەوەی پێویستە لەسەرمان بریتییە لە فێربوون. پاشان وەک پێگەشتوو، هەموو ئەو شتانەی لە منداڵییدا فێری بووین دەتوانین بیانبەین لەگەڵ خۆمان و بیانخەینە ناو کارەکانمانەوە تاوەکو شتێ بکەین لە جیهانەدا. کەواتە شێوازێک بۆ بیر کردنەوە لەمە ئەوەیە کە ساوایان و منداڵانی بچو بریتیین لە يه كه ى توێژینەوە و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی. کەواتە ئەوان ئەو بونەوەرە خەیاڵییانەن کە تەنها پێویستە لەسەریان بچنە دەرەوە و فێرببن و بیرۆکەی باشیان هەبێت، کەواتە ئێمە بەرهەمهێنەر و بەبازاڕکردنين. دەبێت هەموو ئەو بیرۆکانە بە هەند وەرگرین کە لەماوەی منداڵیدا فێری بووین و بە ڕاستی بەکاریان بهێنین. ڕێگەیەکی تر بۆ بیرکردنەوە لەمە بریتییە لەوەی لە جێی بیرکردنەوە لە ساوایان و منداڵان وەک لێکۆلەرەوەیەکی پێگەشتو، باشترە وا بیرییان لێ بکەینەوە کە بریتین لە قۆناخێکی گەشەسەندووی مرۆڤایەتی -- هەروەک چۆن کرمۆکەکان چاوەڕوانییان لێ دەکرێت -- ببنە پەپولەی جوان کە بە ناو باخەکاندا دەفڕن و دەگەڕێن، کەواتە ئێمە کرمۆکەين کە بەناو ڕێچکەیەکی سنورداردا دەڕۆین، کە ئەویش، پێگەشتنه ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، ئەگەر ئەم ساوایانە بۆ فێر بوون دروست بوون -- کە ئەم چیرۆکی گەشەسەندنە دەڵێت دەبێت منداڵان فێربن، ئەمانە بۆ ئەوە دروست بوون -- ڕەنگە چاوەڕوان بکەین کە میکانیزمی بەهێزی فێر بوونیان هەیە. و لە ڕاستیدا مێشکی ساوا وا دەردەکەوێت بەهێزترین کۆمپیتەری فێر بوون بێت لە هەسارەی ئێمەدا. بەڵام کۆمپیتەرە ڕاستەقینەکان زۆر بەرەو باشتربوون دەچن. لەم دواییانەشدا ڕاپەرینێک هەبوو لە شێوازی تێگەشتنمان لە فێر بوونی میکانیکی. ئەمەش هەمووی بەند بووە بە بیرۆکەی ئەم کەسەوە، بەڕێز تۆماس بەیس، کە زانا بووە لە بواری ماتماتیک و ئاماردا، لە سەدەی ١٨ هەمین. ئەوەی بەیس باسی کرد بریتی بوو لە ڕێگەی ماتماتیکی بە بەکارهێنانی بیردۆزی گریمانە بۆ جیاکردنەوە، و وەسف کردنی، ئەو ڕێگەیەی زاناکان شت دەدۆزنەوە لەسەر جیهان. کەواتە ئەوەی زانایان دەیکەن ئەوەیە کە سەرەتا بە گریمانەیەک دەست پێ دەکەن. پاشان لەگەڵ بەڵگەکاندا تاقی دەکەنەوە. بەڵگەکە یارمەتیدەریان دەبێت بۆ گۆڕینی گریمانەکە. پاشان گریمانە نوێکە تاقی دەکەنەوە ئیتر بەم جۆرە بەردەوام دەبێت. ئەوەی بەیس کردی ڕێگەیەکی ماتماتیکی بوو. و ئەو ماتماتیکییەش باشترین ناوەڕۆک بوو باشترین ئامێری فێربوونی پڕۆگرامە کە ئێستا هەمانە. نزیکەی ١٠ ساڵ لەمەو پێش، پێشنیارم کرد کە ڕەنگە منداڵانیش هەمان شت بکەن. کەواتە ئەگەر بمانەوێت بزانین ئەم شتانە چۆنن لە قوڵایی ئەو چاوە قاوەییە جوانانە، وابزانم لە شتێکی ئاوا دەچێت. ئەمە تێبینینامەی بەڕێز بەیسە. پێم وایە ئەو منداڵە ساوایانە کرداری ژمێریاری ئاڵۆز ئەنجام دەدەن لە ڕێگەی ئەو گریمانانەی لە مێشکیاندا هەیە بۆ دۆزینەوەی چۆنیەتی بوونی جیهان. ئێستا دەزانم ئەمە شتێکە قبووڵ کردنی ئەستەمە. لەبەر ئەوەی ئەگەر تەنانەت لەسەر ئامار لە پێگەشتووان بپرسین، زۆر بێ ئەقڵ دەردەکەون. ئەی چۆن دەکرێت منداڵی ساوا کرداری ژمێریاری بکات؟ بۆ دۆزینەوەی ئەمە ئێمە ئامێرێکمان بەکار هێنا کە پێی دەڵێن دۆزەرەوەی بلیکێت. ئەمەش پاکەتێکە کە دەدرەوشێتەوە و مۆسیقا لێدەدات کاتێک شتێكي دياريكراو دەخەیتە سەری. و بەکارهێنانی ئەم ئامێرە سادەیە، لە تاقیگەی خۆم و خەڵکی تریش چەندین خوێندنەوەمان کردووە بۆ ئەوەی نیشانی بدەین منداڵان چەندە زیرەکن لە زانین و ناسینی جیهان. با یەکێکتان بۆ باس بکەم کە لەگەڵ تومار کوشنەر، کردمان کە خوێندکاری خۆمە. ئەم دۆزەرەوەیەم نیشاندان، ڕەنگە سەرەتا بیر بکەینەوە کە بۆ ئەوەی ئەم دۆزەرەوەیە کار بکات یەکەم جار بلۆکێک دەخەینە سەر دۆزەرەوەکە. بەڵام لە ڕاستیدا، ئەم دۆزەرەوەیە کەمێک بە شێوەیەکی سەیر کار دەکات. لەبەر ئەوەی ئەگەر بێت و بلۆکێک لەرەلەر پێ بکەیت لەسەر بەشی سەرەوەی، شتێک ڕوو دەدات کە هەرگیز بیرت لێ نەکردۆتەوە، لە کوَى سێ جار، دوو جار چالاک دەبێت. لە کاتێکدا ئەگەر بلۆکەکە بخەیتە سەر بەشی سەرەوەی، تەنها دوو جار چالاک دەبێت لە کۆی شەش جار. کەواتە گریمانە نەخوازراوەکە بەڵگەی بەهێزتری هەیە. وا دەردەکەوێ کە شەپۆلدانەکە ستراتیژییەکی کاریگەرتری هەبێت وەک لەوەی تر. بەڵام ئێمە ئەم کارەمان ئەنجامدا، ئەم بەڵگەیەشماندا بە منداڵانی چوار ساڵان، داوامان لێ کرد بەکاری بهێنێت. منداڵە چوار ساڵەکان بەبێ هیچ گومانێ کارەکەیان کرد تاوەکو ئەو شتەی لەسەر دۆزەرەوەکە دانرابوو لەرە لەری پێ بکات. لێرەدا دوو شتی زۆر سەرنج ڕاکێشمان هەیە لەسەر ئەمە. یەکەمیان بیرتان بێت، ئەم منداڵانە تەنها چوار ساڵن. تازە فێر بوون کە چۆن ژمارەکان کۆ بکەنەوە. بەڵام بێ ئاگایانە، ئەم کردارە ژمێریاریە ئاڵۆزە ئەنجام دەدەن ئەمەش گریمانەیەکی پێوانەیی مەرجداریان دەداتێ. سەرسوڕهێنەرەکەی تر ئەوەیە کە ئەوان ئەو بەڵگەیە بەکار دەهێنن تاوەکو بیرۆکەیەک یان گریمانەیەک وەريبگرن دەربارەی جیهان، کە ئەمەش قورسە بۆ دەست پێکردن. و لەو تاقیکردنەوانەی کە لەم دواییانەدا لە تاقیگەکەم کردمان، بۆمان دەرکەوت منداڵانی چوار ساڵ باشترن لە دۆزینەوەی گریمانەی سەیردا وەک لە پێگەیشتووان لە کاتێکدا هەمان ئەرکییان دەدەیتێ. کەواتە لەم بارودۆخەدا، منداڵەکان ئامار بەکار دەهێنن بۆ تێگەشتن لە جیهان، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا زاناکانیش تاقیکردنەوە دەکەن، ویستمان بزانین کە منداڵانیش دەتوانن تاقیکردنەوە بکەن. کاتێ منداڵان تاقیکردنەوە دەکەن پێی دەڵێن "چوونە ناو هەموو شتەکان" یاخوود "یاریکردن.'' و لەم دوواییانەدا چەندین خوێندنەوەی سەرسوڕهێنەر هەبووە کە ئەم جۆرە یاریکردنە پیشان دەدەن وەکو پڕۆگرامێکی توێژینەوەی تاقیکاری وایە. ئەمەش یەکێکە لە تاقیگەی کریستن لیگەر. ئەوەی کریستن کردی بەکارهێنانی دۆزەرەوەی بلیکێت بوو. ویستی نیشانی منداڵانی بدات کە ڕەنگی زەرد بەکاری دەخەن و سورەکان نایکەن، پاشان شتێکی سەیر نیشان دەدات. ئەوەی کە دەیبینین بریتییە لەوەی کە ئەم کوڕە بچوکە بە ناو پێنج گریمانەدا دەڕوات لە ماوەی دوو دەقیقەدا. کوڕ: ئەی ئەمەیان؟ وەک لاکەی ترە. ئەلیسۆن گۆپنیک: باشە، کەواتە گریمانەی یەکەم هەڵە بوو. (پێکەنین) ئەمەیان دەدرەوشێتەوە، و ئەمەیان نا. باشە کەواتە تێبینینامە تاقیکارەکەی دەرهێنا. کوڕ: چی وا لەمە دەکات بدرەوشێتەوە. (پێکەنین) نازانم. هەموو زانایەک ئەوە بە دەربڕینی نائومێدی لێکدەداتەوە. (پێکەنین) کوڕ: ڕەنگە پێویست بێت بەم جۆرە بێت، ئەمەش پێویستە بەم جۆرە بێت. باشە، گریمانەی دووەم. کوڕ: لەبەر ئەوەیە. ئۆو. (پێکەنین) AG: ئەمەش بیرۆکەکەی ترە. بە تاقیکەرەوەکەی وت ئەمە بکات، تا هەوڵبدات بیخاتە شوێنێکی ترەوە. هەر کار ناکات. کوڕ: ئۆو لەبەرئەوەی ڕوناکیەکە تەنها لێرەوە دەڕوات، بەڵام لێرەوە نا. ئۆو، لەسەر بەشی سەرەوەی بۆکسەکە کارەبای تێدایە، بەڵام ئەمەیان تیایدا نیە. AG: باشە، ئەمە گریمانەی چوارەمە. کوڕ: ئەمە دەدرەوشێتەوە کەواتە، کاتێک گریمانەی چوارەم دادەنێی. گریمانەی چوار دەخەیتە سەر ئەمە بۆ ئەوەی ڕووناک بێتەوە و دووش بۆ سەر ئەمە تاوەکو ڕوناک بێتەوە. AG: باشە، گریمانەی پێنجەم هەیە. ئەمەش بە تایبەتی -- ئەمەش کوڕێکی بچوکی تایبەت و خۆشەویستە، لە ڕاستیدا ئەوەی کریستن دۆزیەوە تاڕادەیەک نمونەییە. کاتێک سەیری منداڵان دەکەین لە کاتی یاریکردندا، لێیان دەپرسین شتێکت بۆ ڕوونبکەینەوە، ئەوەی کە دەیکەن زنجیرەیەک تاقیکردنەوەیە. ئەمە زۆر شتێکی نمونەیی بۆ منداڵێکی چوار ساڵان. چۆنە کە دروستکراوی لەم جۆرە بین؟ چۆنە ببیتە یەکێک لەم پەپولە جوانانە کێ دەتوانێ پێنج گریمانە لە دوو خولەکدا ئەنجام بدات؟ ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بۆچونی دەروونناسەکان و فەیلەسوفەکان، زۆربەیان پێیان وابووە کە ساوایان و منداڵانی بچوک زۆر کەم وشیارن ئەگەر بێت و بڵێن وریان. بەڵام من پێم وایە پێچەوانەی ئەمە ڕاستە. من پێم وایە ساوایان و منداڵان زۆر لە ئێمەی پێگەشتو وشیارترن. ئێستا سەیرکەن ئێمە چی دەزانین دەربارەی وشیاری پێگەیشتوان. بە ئاگاداری و وشیاری پێگەشتوان وەکو تیشکی سەر ئەکتەرانی شانۆیە. کەواتە ئەوەی ڕوودەدات لەگەڵ پێگەشتواندا ئەوەیە خۆمان بڕیار دەدەین ئایا شتێک پەیوەندیدار یان گرنگ، پێویستە بە ئاگابین لێی. وشیاریمان بۆ ئەو شتانەی کە هەوڵی بۆ دەدەین بە تەواوی بیروهۆشمان ڕووناک دەکاتەوە، و هەرشتێکی تر بە تاریکیدا ڕۆشت. دەزانین کە مێشکمان چۆن بۆتە هۆی ئەم تاریکییە. کەواتە کاتێک گرنگی بە شتێک دەدەین و بە ئاگاین بەشی پێشەوەی کۆرنێکس کە بەشی ڕاپەڕاندنی کردارەکانی مێشکە، هێمایەک دەنێرێت کە بەشێکی بچوکی مێشکمان وریا دەکاتەوە، زیاتر دەمارەخانەيه لە فێربووندا باشتره، و چالاکی هەموو بەشەکانی مێشک ڕادەگرێت. کەواتە ئەو بەئاگابونەی ئێمە بەدەست خۆمانە. ئەگەر سەیری منداڵانی ساوا و بچوک بکەین، شتێکی زۆر جیاواز دەبینین. من پێم وایە منداڵانی ساوا و بچوک وشیاریان بریتە لە جۆرێک لە بەهرە وەک لەوەی ئاكَايي بێت. لەبەر ئەوە منداڵانی ساوا و بچوک زۆر بێ توانان لە مامەڵە کردن لەگەڵ یەک شتدا. بەڵام لەوەرگرتنی چەندین زانیارییدا زۆر سەرکەوتون ئەگەر لە چەندین سەرچاوەی جیاوازیشەوە بێت. کاتێک بە وردی سەیری مێشکی منداڵان دەکەین، دەبینین پڕە لە دەماری گەیەنەری دەماغ ئەمەش باشە لە کاری فێربون و تواناى كَوَرِان، و هێشتا بەشە بۆماوەییەکان دەرنەکەوتون. لەبەرئەوە کاتێک دەڵێین منداڵانی ساوا و بچوک لاوازن لە بەئاگابوون، مەبەستی ڕاستەقینەمان لەوەیە، کە لاوازن لە بەئاگانەبون. کەواتە ناتوان بێئاگابن هەموو شتە خۆشەکان هێمایەکیان دەداتێ و خۆشیان شتە گرنگەکە هەڵدەبژێرن. ئەمە هەمان ئەو چەشنە بە ئاگابوون و ووشیارییە، کە ئێمە پێشبینی دەکەین لەو پەپولانەی کە بۆ فێربون درووست بوون. ئەگەر بمانەوێت ڕێگەیەک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی بەتەواوی لە وریایی منداڵ و پێگەشتوو تێبگەین، پێم وایە باشترین شت ئەوەیە بیر لە حاڵەتێک بکەینەوە کە لەوەو پێش هەرگیز نەماندیووە -- کاتێک دەکەوینە خۆشەویستی کەسێکێ نوێوە، یان کاتێک بۆ یەکەم جار دەچینە شارێکی نوێوە. دەبینین وشیاریمان نەک کەم ناکات بەڵکو، فراوانتر دەبێت، لەبەرئەوە ئەو سێ ڕۆژەی لە پاریس بووین پڕبوو لە وریایی و ئەزمونی جیاواز کەواتە هەموو ئەو مانگەی کە پیاسەمان کردووە، قسەمان کردووە، چونمان بۆ کۆلێژ. و بەو بۆنەیەوە، ئەو قاوەیەی، بەڵێ ئەو قاوە خۆشەی لە قاتی خوارەوە دەتخواردەوە، لەهەمان کاریگەری دەمارە گەیەنەرەکانی دەماغی منداڵی ساوا دەچێت. کەواتە بوون بە منداڵی ساوا وەک چی وایە؟ وەک ئەوە وایە لە خۆشەویستدا بیت یان لە پاریس بیت بۆ یەکەمین جار دوای ئەوەی سێ قاوەی ئیسپریسۆر دەخۆیتەوە. (پێکەنین) ئەمە ڕێگەیەکی سەرنجڕاکێشە، بەڵام وات لێدەکات کاتژمێر ٣ ی بەیانی بەگریانەوە خەبەرت بێتەوە. (پێکەنین) کەواتە شتێکی باشە کە پێگەشتوو بیت. نامەوێت زیاتر دەربارەی منداڵانی ساوا و باشیەکانیان بدوێم. شتێکی باشیشە ببیتە کەسێکی پێگەشتوو. ئێمەی دەتوانین خۆمان قەیتانی پێڵاوەکانمان ببەستین و لە شەقامەکان بپەڕینەوە. گومانی تێدا نیە هەوڵی زۆری دەوێت گەربمانەوێت وا لە منداڵانی ساوا بکەین هەست بکەن گەورەن. بەڵام گەر بمانەوێت وەک پەپولەکانیش بین، تاوەکو بەزوویی فێربین، و مێشکمان کراوە بێت، خەیاڵ و ئەندێشە، بیرۆکەی نوێ، داهێنان، لانی کەم بۆ ماوەیەکی کورت باشترە وا لە پێگەشتووان بکەین وەک منداڵ بیر بکەنەوە. (چەپڵە)
t
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر